بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ویکیفەرھەنگ:سیاسەتی بەربەستن

لە ویکیفەرھەنگ

ئەم پەڕەیە دەربارەی سیاسەتی بەربەستنە لە دوو بەش پێکدێت: یەکەم: سیاسەت، کە ڕاگەیەندراوی سیاسەتی پابەندکەرە (پێویستە پابەندی بن)؛ دووەم: ڕوونکردنەوە، کە ڕوونکردنەوەیەکی ناپابەندکەری سیاسەتەکەیە (ناچاریی نییە) و ڕێنماییەکان نیشان دەدات کە چۆن سیاسەتەکە بە شێوەیەکی گشتی جێبەجێ دەکرێت. تەنیا بەشی پابەندکەر سیاسەتە. بەشی سیاسەت تەنیا پوختەی سیاسەتەکە نییە، بەڵکو خودی ڕاگەیەندراوی تەواوی سیاسەتەکەیە.

سیاسەت

[دەستکاری]

یاسای بەربەستنەکە بەم شێوەیەیە:

  1. تووڵی بەربەستنی بەکارھێنەران، تەنیا بۆ مەبەستی ڕێگریکردن لەو دەستکارییانەیە کە بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ڕێگری لە پێشکەوتنی ویکیفەرھەنگی کوردی دەکەن یان زیانی پێدەگەیەنن.
  2. نابێت ڕاستەوخۆ دەست بۆ بەربەستن ببرێت، مەگەر لە حاڵەتێکدا کە بەڕێوەبەرەکە پێشتر شێوازی نەرمتری تاقیکردبێتەوە ( وەک ئاگادارکردنەوە) و ھیوایەکی نەمابێت کە ئەو شێوازانە سوودیان ھەبێت. واتە بەربەستکردن دوایین چارەسەرە.

ڕوونکردنەوە

[دەستکاری]

ھیچ یاسایەکی ڕەق و سەخت نییە کە بڵێت چ کارێک ڕێگری لە پێشکەوتنی ئێمە دەکات یان زیانمان پێ دەگەیەنێت، بەڵام ئەم چەند نموونەیەی خوارەوە بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە چ جۆرە ڕەفتارێک زیانبەخشە:

  • تێکدانی بە ئەنقەست: بە ئەنقەست زیان گەیاندن بە بابەتەکان، وەک سڕینەوەی زانیارییە بەسوودەکان یان زیادکردنی پەڕە و بابەتی بێکەڵک.
  • بەفیڕۆدانی کاتی بەکارھێنەران: بەردەوام بەفیڕۆدانی کاتی نووسەرەکانی تر بەھۆی کردنی کۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە کە دواتر دەبێت خاوێن بکرێنەوە، واڵا یان چاک بکرێنەوە.
  • ئازاردانی دەروونی: دڵتەنگکردنی نووسەرەکانی ھاوڕێمان بە ھێرشکردنە سەریان، سووکایەتی یان بەردەوام قسەی ڕەق و بێڕێزیکردن پێیان.

بۆ پاراستنی ویکیفەرھەنگ، چەند ڕێگەیەکی کەممان لەبەر دەستە. دیارترینیان قسەکردن و وتووێژە لەگەڵ کەسەکە لەسەر پەڕەی وتووێژی تایبەتی خۆی. پێویستە کەمێک کات دابنرێت بۆ ئەوەی بۆ کەسەکە ڕوون بکرێتەوە بۆچی گۆڕانکارییەکانی ھەڵەن، بەڵام ئەگەر بینرا بە ھیچ شێوەیەک گوێ ناگرێت، دەکرێت بۆ ماوەیەکی کورت بەربەست بکرێت. لەو حاڵەتانەی کە کێشەکە بۆ کەسەکە ڕوون کراوەتەوە، پێویستە پێش بەربەستکردنی، ئاگادارکردنەوەیەکی ڕوون و کۆتایی پێ بدرێت؛ ئەمەش بۆ ئەوەیە بسەلمێنرێت کە ئەو کەسە خۆی نایەوێت ڕەفتاری خۆی چاک بکات.

چاودێری

[دەستکاری]

​کاتێک چاودێریی دوایین گۆڕانکارییەکان دەکەیت، ئەگەری زۆرە بتەوێت ڕاستەوخۆ ھەندێک بەکارھێنەر بەربەست بکەیت، بەتایبەت کاتێک بە ڕوونی دیارە کە ھیچ مەبەستێکی باشیان نییە بۆ بەشداریکردنی بەسوود.

بەتایبەتی ئەم جۆرە کەسانە:

  • ئەوانەی تەنیا بە مەبەستی سەرەکیی زیادکردنی بابەتی نەشیاو یان ڕیکلامکردن دەستکارییەکانیان دەکەن.
  • ئەو کەسانەی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، کۆمەڵێک دەستکاریی خراپ و تێکدەرانە دەکەن.
  • ئەو ھەژمارانەی ناوی بەکارھێنەرەکەیان نەشیاوە، یان لە ناوی بەکارھێنەرە ناسراوەکان دەچێت، یان ناوی ڕیکلامن.

بەڵام کەسانێک ھەن ھەڵەی بێمەبەست دەکەن؛ نابێت ئەمانە ڕاستەوخۆ بەربەست بکرێن:

  • ئەو کەسانەی تەنیا یەک دوو دەستکاریی بێسوود دەکەن.
  • ئەو کەسانەی وشەی داھێنراوی نوێ یان وتاری شێوازی ویکیپیدیا زیاد دەکەن.

ئەم جۆرە ھەژمارانە تەنیا لە کاتێکدا دەکرێت بەربەست بکرێن کە گوێ بە ھیچ ئاگادارکردنەوە یان ڕوونکردنەوەیەک نەدەن کە پێیان دەڵێیت کارەکەتان ھەڵەیە و لەسەری بەردەوام بن.

ھەژمارە کاتییەکان

[دەستکاری]

ئەو ھەژمارانەی ناویان بە نیشانەی ~ دەست پێ دەکات و دوای ئەوە تەنیا ژمارە و تەقەڵیان (-) تێدایە، پێیان دەوترێت ھەژماری کاتی. لەگەڵ ئەمانەشدا ڕێک وەک ھەژمارە ئاسایییەکان ڕەفتار دەکرێت، واتە ئەگەر خراپەکارییەکیان لێ ببینرێت، لەوانەیە بۆ ھەمیشە بەربەست بکرێن.