کوردیی ناوەندی

لە ویکیفەرھەنگ

کوردیی ناوەندی یان سۆرانی یەکێکە لە زارەکانی زمانی کوردی، کە لە باشووری کوردستان (کوردستانی عێراق) و ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کوردستانی ئێران) قسەی پێ دەکرێت. ئەم زارە لە سەدەی هەژدەدا وەکوو زمانی نووسینی میرنشینی بابانەکان دەر کەوت و شاعیرانی وەکوو نالی و سالم و کوردی لە شیعرەکانیاندا بەکاریان هێنا. دواتر بوو بە زمانی ئەدەبیی دەڤەرەکە و لە سەردەمی کۆماری باشووری کوردستانی شێخ مەحموودی حەفیددا یەکەم قوتابخانەی کوردی لە سلێمانی کرایەوە کە تێیدا خوێندن بەو زارە بوو. لە ئێستا زمانی کوردی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا زمانی فەرمی دەوڵەتی عێراقە، کە بە گشتی کوردیی ناوەندی ئەو ڕۆڵەی پێ دراوە و ڕۆڵی نیمچە ستانداردێک لە پارێزگا کوردییەکانی عێراقدا دەگێڕێت بە ناوچە کێشەلەسەرەکانیشەوە. سەرباری ئەوەش خوێندن لە پارێزگای دهۆک بە شێوەزاری بادینیی زاری کورمانجییە بەڵام بە ئەلفبێی کوردیی ناوەندی.